News & Events‎ > ‎

فیستیڤاڵی ڕۆژی کۆلێج

posted Feb 24, 2022, 12:14 PM by College of Dentistry   [ updated Feb 24, 2022, 12:48 PM ]

ئەمڕۆ 24-2-2022، بە ئامادەبوونی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستی هەرێم و د. ڕەهێل فەرەیدوون بریكاری وەزیری تەندروستی و پرۆفیسۆر د. ڕەزا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی و د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەرپرسی حكومی و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران لە هۆڵی راپەڕینی زانكۆی سلێمانی یادی رۆژی كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سەرەتای رێورەسمەكە بە وتاری یادی رۆژی كۆلێج لەلایەن پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. سەرهەنگ محەمەد راگری كۆلێجی پزیشكی ددان خوێنرایەوە؛ کە بەناوی كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانییەوە پێشوازییەكی گەرم لە د. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم و سەرجەم ئامادەبووانی ئەم یادە کرد، هەروەها وتی: كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو ئێستا توانیوێتی چەندین دكتۆری ئاست بەرزی پزیشكی دداندا پێبگەیەنێت، كە تانیویانە پێداویستی بازاڕ و كار پربكاتەوە، بەدەر لەوەش توانیوێتی چەندین كادری بەتواناو لێهاتوو لەبواری خوێندنی باڵا لە پزیشكی ددان پێبگەیەنێت، كە ساڵانە خاوەنی چەندین توێژینەوەی خاوەن ئیمپاكت فاكتەرن و لە چەندین گۆڤاری زانستی نێودەوڵەتی بە شانازییەوە بڵاودەكرێنەوە. كۆلێجی پزیشكی ددان لەئێستا خاوەنی چەندین تاقیگەی پزیشكی ددانی پێشكەوتووە لەبوارەكانی خوێندنی بەرایی پزیشكی ددان تاكو خوێندنی باڵاو پسپۆڕیی ورد لە پزیشكی ددان و ساڵانە چەندین پزیشكی پسپۆڕ لە بوارەكانی چارەسەری نەخۆشییەكانی دەم و ددان پێدەگەیەنێت. لەئێستادا كۆلێجی پزیشكی ددان خاوەنی كلینكی تایبەتی خوێندنی باڵایە كە رۆژانە چارەسەری پێویست بۆ دەیان نەخۆش دەكات، كە سەرجەم ئەم خزمەتگوزارییە پزیشكییەكانە نوێن و لەئاستی زۆر باڵادان.


پاشان د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم وتەیەكی پێشكەشكردو رایگەیاند؛ جێگەی شانازییە كە ئەمڕۆ لە یادی رۆژی كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانی، زانكۆی (دایك) دا بەشدارین، لە بارودۆخێكی سەختی ئابوری و سیاسیدا دامەزێنرا كە دامەزاراندنی دامەزاراوەیەكی زانستی لەم شێوەیە زۆر سەخت و ئاستەم بوو، بەڵام ئەو ئاڵنگارییە گەورەیە بە هەوڵ و ماندوبوونی دڵسۆزانە ئەنجامدراو گەیشتە ئامانج و لە ئێستاشدا لە لوتكەدایە، بۆیە دەستخۆشی لەراگرایەتی و سەرجەم مامۆستایانی ئەم كۆلێجە دەكەین و دڵنیایان دەكەینەوە كە هەمیشە یارمەتیدەرو پشتیوانی كارو پرۆژەكانیان دەبین. پاشان بەڕێزیان ئاماژەی دا بەوەی کە كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە شوێنە خۆشەویست و پیرۆزەكانی ئەم شارە خۆشەویستەو ناسنانەمەیەكی ئەم شارەیە، لەماوەی رابردودا دەنگۆی ئەوە بڵاوبوووەوە كە گوایە حكومەت بە نیازی فرۆشتنی بینای كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانییە، بەڵام دڵنیاتان دەكەمەوە رێگە نادەم تەنها یەك بەردی ئەم كەمپەی زانكۆی سلێمانی بفرۆشرێت و لەناو ببرێت.

پاشان پرۆفیسۆر د. رضا حسن حسین سەرۆكی زانكۆی سلێمانی بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانییەوە وتەیەكی پێشكەشكردو وتی؛ كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانی یەكێكە لە كۆلێجە چالاك و بە بەرهەمەكانی زانكۆی سلێمانی و بەهەوڵی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكاران توانراوە ئەم كۆلێجە بەشێوەیەكی باش بەرەو پێشەوە ببرێت و لەئێستادا خاوەنی كلینكی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵایە كە چەندین تاقیگەی پێشكەوتووی سەردەمییانەی تێدا دەستەبەركراوە،کە بەهەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایانی ئەم كۆلێجە توانراوە، كلینكی خوێندنی باڵا لە كۆلێجەكەدا دابمەزرێنرێت كە لەسەر ئاستی عیراق یەكەم زانكۆین كە خاوەنی كلینكی پێشكەوتووی خوێندنی باڵای پزیشكی ددان-ین، كە ئەمە جێگەی شانازییەكی گەروەیە بۆ زانكۆی سلێمانی و كۆلێجی پزیشكی ددان، پیرۆزباییەكی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی كۆلێجی پزیشكی ددان دەكەم و هیوام وایە سەركەتووبن و بەردەوامبن لە كاری جوانترو باشترو دڵنیاشیان دەكەمەوە،وەك چۆن لە رابردودا هاوكارو پشتیوانیان بووین لە كارو پڕۆژەكانیاندا بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردن و پاڵپشتیاندا.

پاشان بەناوی ڕاگرایەتیەوە ڕێزلێنان بۆ ئەو کەس و لایەنانە کرا کە ھاوکاری کۆلێج بوون. دواتر پروانامەی رێزلێنان بەخشرایە ژمارەیەك مامۆستای كۆلێجی پزیشكى ددان، كە لەماوەی رابردودا، توانیویبانە بەكارو پرۆژەكانیان خزمەتێكی گەورە بەو كۆلێجە بكەن، پاشان فیلمێكی دیكۆمێنتاری لەسەر كۆلێجی پزیشكی ددانی زانكۆی سلێمانی نمایشكراو پێشانگای خوێندكارانی كۆلێجی پزیشكی بەم بۆنەیەوە كرایەوە.